دەوڵەتی جمهوری کوردستان کە لە سەر ئیرادە و ویستی زۆرینەی ئێلیت و نوێنەرانی نەتەوەی کورد بە پێی بوار و هەل و مەرجی رەخساو ڕاگەیێندرا، لە جوانترین وێنەکانی شۆڕشی ڕامیاری نەتەوەی کورد دەژمێردرێ. ئەو ڕاگەیاندنەش پێویستی بە کۆمەڵێک فاکتەری گرنگ وەک پێشینەی ویستی نەتەوەی کورد، نەبوونی هیچ چەشنە دڵخۆشییەک بە وڵاتانی داگیرکەر، ئێلیت و ڕووناکبیر، سەرکردەی ووشیار و کاریزماتیک، هەل و مەرجی تایبەتی رەخساو لە لایەن هێزی نێوخۆی کورد و زلهێزانی ئەو سەردەم و …هەبوو. حەوجە دەکا لە سەر هەر کام لە فاکتەرە کاریگەرەکان شرۆڤە و وردبوونەوە بکرێ تا بتوانین وێنەیەکی زۆر نزیکتر لە مێژووی ڕاستەقینەی کۆمار ساز کەینەوە. لێرە هەوڵ دەدرێ بە کورتی ئاوڕێک لە سەرۆکایەتی کۆماری کوردستان بدرێتەوە و پێداچوونەوەی مژارەکانی دیکە دەهێڵینەوە بۆ دادێ.
ناوی سەرۆکی کۆماری کوردستان کە زۆرینە بە ناوەکانی قازی موحەممەد و پێشەوای ناو دەبەن، ”محمد همام قاضی” بوو. رەوانشاد ”میرزا خلیل فتاح قاضی” کە پەرتووکی مێژووی بنەماڵەی ”قاضی” لە ڕووی یادداشتەکانی ئەو بە چاپ گەییشتووە، لەم پێوەندییەوە فەرمووبووی:
<<خوالێخۆشبوو میرزا عەلی قازی، دوو کوڕی هەبوو: ١- میرزا محەمەدی هومامی قازی کە دواتر بە قازی محەمەد، نێوبانگی دەرکرد. ٢- ئەبولقاسمی سەدری قازی>>.[1][2][3]
پێشەوای کوردان یەکەم چالاکی رامیاری خۆی بە فەرمی کاتێک دەست پێ کرد کە پاش داواکارییەکی زۆر لە لایەن نیشتمانپەروەران و ئێلیتی کورد، قبووڵی کرد تا سەرۆکایەتی ک. ژ. ک بە دەست بگرێ. لە دواییشدا کە حیزبی دێمۆکراتی کوردستان لە سەر هەمان بنەمای ک. ژ. ک لە ساڵڕۆژی دامەزراندنی ک. ژ. ک ڕاگەیەندرا، وەک سەرۆکی حیزب هەڵبژێردرا.[4] لە دەرفەتێکی گونجاودا پاش هەڵسەنگاندنی هەمەلایەنە و پێویستییەکی مێژوویی، ئەم حیزبە وەک یەکەم حیزبی مۆدێرنی نەتەوەی کورد توانی بە هاریکاری سەرجەم ئەو کوردانەی کە بواری بەشدارییان هەبوو، دەوڵەتی جمهوری کوردستان ڕابگەیێنن و جەنابی پێشەواش کە لەو سەردەمدا سەروەرترین ئاڵتێرناتیڤی نەتەوەی کورد بوو، وەک سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرا.
پێشەوای کوردان لە بنەماڵەیەکی زانا، دەوڵەمەند و خاوەن ڕێز پەروەردە ببوو بەڵام ئەمانە هۆکاری سەرەکی بۆ هەڵبژاردنی ئەو وەک ڕێبەری نەتەوەکەی نەبوون، بەڵکوو کەسایەتی تایبەتی ئەو و لێهاتوویی و توانای بەرزی ئەو هاندەری سەرەکی جەماوەر بوون تا ئەو وەک سەرۆکی خۆیان هەڵبژێرن.
یەک لە ئەرکەکانی سەرۆک ئەوەیە کە کۆمەڵگا ووشیار بکاتەوە، ورەیەکی بەرزی هەبێ و لە بەرەوپێشبردنی بەرنامەکانیدا بە سەر گرفتەکاندا زاڵ بێ و لە پێناو بەرژەوەندی گشتیدا هەڵس و کەوت بکا. جەنابی پێشەوا وەک بەڵگەکانی کۆماری کوردستان پشتڕاستی دەکەنەوە، بەردەوام لە ڕێگەی قسەکردن و بەڕێوەبردنی کۆڕەوە، هەوڵی ووشیارکردنەوەی جەماوەری دەدا.[5] ئەو بە تێبینی و هەڵسەنگاندنی دروستەوە کەسایەتییەکانی بۆ پراکتیزەکردنی پلانەکانی هەڵدەبژراد کە لە بەشە جۆراوجۆرەکانی فەرهەنگی، رامیاری، ئابووری و ئەرتەشیدا ڕەنگیان داوە. سەرۆکێکی سەرکەوتوو لە ڕەوشی نالەبار و شپرزەدا هەوڵ دەدا کەمترین ئازار و زەرەر بە کۆمەڵگا بگا. زۆرینەی سەرچاوەکان و فاکتی بەر دەست ئەمە پشتڕاست دەکەنەوە کە سەرۆک کۆماری کوردستان لە کاتێکدا کە ئیتر ڕێگەی درێژەی ژیان بۆ دەوڵەتی کوردستان نەمابوو، خۆی کردە قوربانی هەموو نەتەوەکەی،[6] و قبووڵی ئەوەی نەکرد نەتەوەکەی وڵامدەری بەرپرسیارەتییەک بێ کە خۆی پەژراندبووی. جەنابی پێشەوا لە دوایین قسەکردنی دەگەڵ جەنابی ژێنێراڵ مصطفی بارزانی، کاتێک کە داوای لێ کرابوو تا دەگەڵیان بێ، فەرمووبووی:
<<پێم باشترە لە نیشتمانی باب و باپیرانی خۆم بکوژرێم و خەڵک لە ناخۆشی و تەنگانەدا بە تەنێ بەجێ نەهێڵم>>.[7]
سەرکردەیەکی سەرکەوتوو هەرکات هەوڵ بۆ یەکگرتوویی دەدا، بڕوای بە ئامانج و قازانجی گشتی نەتەوەکەی هەیە و لە پێناو بەرپرسیارەتیدا ڕادەوەستێ و خۆی ناشارێتەوە. نوتقەکانی جەنابی پێشەوا کە بەشێکی بەرچاویان لە ڕۆژنامەی کوردستان بە چاپ گەییشتبوون، ئەمە پشتڕاست دەکەنەوە کە جەنابی پێشەوا لە هەر دەرفەتێک بۆ پتەوکردنی ڕۆحی یەکگرتوویی و تەبایی نێوان هێزی کوردی لە تێکۆشان دابوو.
سەرۆک پێویستە خۆشەویست بێ و لە رووی پلەی سامان و زۆرەوە خۆی بە سەر کۆمەڵگادا نەسەپێنێ. زۆر ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان ئاوێنەیەکن لە ئەوین و خۆشەویستی جەماوەری کورد بەرانبەر سەرۆک کۆماری کوردستان. کاتێک سەرنج بە ڕەوشی ئازادی دەربڕین و بڵاوکردنەوە لەو سەردەمدا دەدەین، گومان لەوەدا نامێنێتەوە کە ڕەنگدانەوەی خۆشەویستی کۆمەڵگا بەرانبەر جەنابی پێشەوا نەک لە ڕووی ترس، بەڵکوو لە بەر هەڵس و کەوتی دێمۆکراتانە و ژیاری جەنابی ”محمد همام قاضی” بوو و دەسەڵاتی کۆماریان بۆ داسەپاندنی بۆچوون و حەزی خۆیان بە سەر زۆرینە دەکار نەگرتبوو. کۆماری کوردستان بە مەبەستی دابینکردنی گارانتییەک بۆ بەرگری لە توناکردنی ناسنامەی نەتەوەیی کورد و ئاسایەشیان ڕاگەیێندرابوو، نەک بە مەبەستی بەرژەوەندی بنەماڵەیی یان تاکەکەسی.[8] هونەری سەرۆکایەتی جەنابی پێشەواش زۆرتر لەوەدا ڕەنگی دابۆوە کە هەڵس و کەوتەکانی هەڵگری پەیامی شارستانی نەتەوەکەی بوون. دەسەڵاتی سەرۆک کۆمار نەک بۆ تێرکردنی پێویستییەکانی ئەو پێک نەهاتبوو، بەڵکوو لە زۆر بوارەوە بەرژەوەندی خۆی و بنەماڵەکەشی خستە دوای بەرژەوەندی گشتی نەتەوەکەی. جیا لەوە کە بیری نیشتمانپەروەری سەرۆک کۆمار هاندەری ئەو بوو تا لە خزمەت بەرژەوەندی نەتەوەکەیدا هەنگاو بنێ، بە هۆی ئەوە کە پێشتر دادوەرێکی لێهاتوو و کارامە بوو، توانیبووی لە سەر ڕەچاوکردن و پاراستنی مافی تاک لە کۆمەڵگادا کاریگەری بێ وێنەی هەبێ. زۆرینەی نوتقەکانی جەنابی پێشەواش کە لەو سەردەمدا تۆمار کران، سەلمێنەری ئەوەن کە گوتاری ئەو لە سەر بنەمای ماف و دادپەروەری و ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی گشتی ساغ ببۆوە. زۆر کەس لە مێژوودا بە مێدالیا و تاج و نیشانی سەیر و سەمەرە هەوڵی ئەوەیاندا خۆیان لە بەر چاوی کۆمەڵگادا زەق و بەرچاو و جوان نیشان بدەن بەڵام خۆشەویستی و ڕێزێک کە ئەمڕۆکە لە لایەن نەتەوەی کوردەوە لە جەنابی پێشەوا دەنوێنرێت، تەنیا لە بەر دادپەروەری و خۆقوربانیکردنی ئەوە. بە کورتی دەکرێ بگوترێ کە سەرۆکی کۆماری کوردستان لەو سەردەمدا وێنەی ئیرادەی نەتەوەکەی دەنەخشاند و ئێستاش لە خۆشەویستترین سەرکردەکانی نەتەوەکەی دێتە ئەژماردن.
بڕیاری کۆتایی جەنابی پێشەوا کە خۆبەختکردن لە پێناو پاراستنی ئاسایەشی نەتەوەکەی بوو، سەلمێنەری ئەم ڕاستییە کە لە لای ئەو ئەرک و بەرپرسیارەتی، سەروەری بە سەر خۆخوازی و بەرژەوەندی شەخسیدا هەبوو. سەرۆکێکی سەرکەوتوو هەرکات هەست بە لێپرسینەوە لە بەرانبەر گەل و مێژوودا دەکا، هەر بۆیە لە هیچ چەشنە سزا و خەسارێکی شەخسی ناترسێ و خۆبەختکردن لە پێناو بەرپرسیارەتیدا بە گیان و دڵ قبووڵ دەکا.
بوێری و غیرەت پێویستە لە گوتار و هەڵس و کەوتی سەرۆکێکدا بوونی هەبێ. ئەمە هێزی بەرزی ڕوانین و هزری سەرکردە دەگەڵ شێوەی دەربڕینەکەیەتی کە لە ناو گەل و مێژوودا دێتە بەر هەڵسەنگاندن. سەرۆک لە دەربڕینی گوتارێک کە بەرژەوەندی گشتی نەتەوەکەی تێدا بەدی بکرێ، ڕاناوەستێ. هەموو هەڵس و کەوت و گوتارە تۆمارکراوەکانی جەنابی پێشەوا و بڕیارەکانی ئەم ڕاستییە دەسەلمێنن کە جەنابی پێشەوای کوردان، نەک هەر زانا، خاوەن ڕێز و دڵسۆز، بەڵکوو سەرکردەیەکی بە غیرەت بوو و لە بڕیارەکانیدا بەرژەوەندی نەتەوەکەی بە سەر هەموو هێزی داگیرکەر و زلهێزانی جیهانیدا سەروەر کرد.
بەڕێوەبەری دەوڵەتی جمهوری کوردستان پێویستی بە سەرۆکێک هەبوو کە هەم زانایانە هەڵسەنگاندنی لە سەر ڕەوش و ڕووداوەکان کردبا، هەم بڕوای بە دیسیپلین و قانوون هەبوایە و هاوکات لە ناسینی کەسانی دەورووبەری خۆیدا سەرکەوتوو بووبا و زۆر واقعبینانە هەنگاوی نابا. ئەمانە دەبوا بە شێوەیەک لە دەسەڵاتداریدا گەڵاڵە کرابان کە سۆز و خۆشەویستی و دادپەروەری بەرانبەر نەتەوە و نیشتمان لە بەر چاو بگیردرێن. ئەرکێکی قورس کە دەگمەن سەرۆکێک لە مێژوودا توانیوێتی سەربەرزانە وەک پێشەوای کوردان، ”جنابی حضرتی قاضی محمد” مێژوو لە پاش خۆی تۆمار بکا.
سەرچاوە و ژێدەر:
[1] خەلیلی فەتاحی قازی، کورتە مێژووی بنەماڵەی قازی لە ویلایەتی موکری، وەرگێڕانی حەسەنی قازی، هەولێر ٢٠٠٩، چاپی یەکەم، چاپی ئاراس، لاپەڕەی ٩٠
[2] دووی ڕێبەندانی ساڵی ٢٠١٢ی زایینی کۆپی سێ نوسخەی دەستخەت و ئیمزای ڕاستەقینەی جەنابی پێشەوام بڵاو کردەوە و سەلمێندراش کە هەموو ئەو نامە سیاسییانەی کە بە ناوی سەرۆک کۆماری کوردستان بڵاو بوونەوە، ساختە، جعل و سازکراون.
بڕوانە: سۆران کرباسیان، کۆماری سەربەخۆ و ”مستقل”ی کوردستان؛ گەڕانەوە بۆ ڕاستییەکان، دووی ڕێبەندانی ٢٠١٢ی زایینی ئۆسلو، لاپەڕەکانی ٤٧ تا ٥١
تێبینی: جیا لەم سێ نوسخەیە نوسخەی دیکەش بۆ بەڵگە لە بەر دەست دایە کە لە داهاتوودا بڵاو دەبێتەوە.
[3] نامەیەکی دەستنووسی میرزا ”رحمن اویسی”ش لە سەرچاوەی پێشوودا خستراوە بەر چاو کە هەمان زانیاری دروست پشتڕاست دەکاتەوە.
[4] سۆران کرباسیان، کۆماری سەربەخۆ و ”مستقل”ی کوردستان؛ گەڕانەوە بۆ ڕاستییەکان، دووی ڕێبەندانی ٢٠١٢ی زایینی ئۆسلو، لاپەڕەکانی ١٢ تا ١٤
[5] بڕوانە دەقی قسەکانی سەرۆک کۆماری کوردستان لە ژمارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان، بۆ وێنە: ڕۆژنامەی کوردستان، بڵاوکەرەوەی بیری حیزبی دێمۆکراتی کوردستان، چاپی مەهاباد، ژمارە ١١، ساڵی یەکەم، بەرواری ٦ی ٢ی ١٩٤٦ی زایینی، لاپەڕەی یەکەم.
[6] سەرچاوە بۆ ئاماژەکردن لەم پێوەندییەوە زۆرن. هەر بۆ وێنە بڕوانە ئەم سەرچاوانە:
خەلیلی فەتاحی قازی، کورتە مێژووی بنەماڵەی قازی لە ویلایەتی موکری، وەرگێڕانی حەسەنی قازی، هەولێر ٢٠٠٩، چاپی یەکەم، چاپی ئاراس، لاپەڕەی ١٥١ و پێشووتر
حامید گەوهەری، کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان، چاپی ئاراس، هەولێر ٢٠٠٤، لاپەڕەی ١٢٩
فاکتێکی مێژوویی گەلێک بەهێز بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم دەربڕینە هەیە کە پێویستی بە مژاری سەربەخۆ و لێوردبوونەوەی تایبەت هەیە. کاتێک کە حکومەتی پاشایەتی هێرشیان بردە سەر شاری تەورێز تا حکومەتی نەتەوەیی ئازەربایجان بڕووخێنن، لە هیچ چەشنە جەنایەت و پێشێلکارییەکی مافی مرۆڤ دەستیان هەڵنەگرت. بە سەدان خەڵکی سیڤیل و بێ چەکی ترکیان لە تەورێز کوشت. پەرتووکەکانیان ئاگر تێبەردان و زۆر مەخابن بەزەییان بە ژنان و کچانی بێ تاوانیشدا نەهاتەوە و خستیاننە بەر دەستدرێژی جنسی. بە دڵنیاییەوە گەر پێشەوا خۆی نەکردبا بە قوربانی نەتەوەکەی، هەمان کارەساتی تەورێز لە کوردستانیشدا دوپات دەبۆوە. دوکتوور جمال نەبەز گوتەنی، پێشەوای کوردان گیانی لە سەر بڕوا و ڕێبازی دانا.
[7] بڕوانە یەکەم ناو و نیشانی ئاماژە پێکراو لە سەرچاوەی پێشوو.
[8] بڕواننە ژمارە جۆراوجۆرەکانی ڕۆژنامەی کوردستان کە کۆمەڵێک وتار، دروشم و بابەتی تێدایە کە کەسانی جۆراوجۆر خۆشەویستی جەنابی پێشەوایان لە ناو کۆمەڵگادا هێنابوو سەر زمان و کاغەز.
ئەم مژارە بۆ یەکەمجار لە لاپەڕەی ٤ی ژمارەی ٥٩٧ی ڕۆژنامەی کوردستاندا بڵاو بۆوە کە بە بۆنەی دووی ڕێبەندانی ساڵی ٢٠١٣ی زایینی ئەم دەرفەتەیان بۆ رەخساندم.