٦٨، لە کاردانەوەی شۆڕشی ”ایران”دا

بە مەبەستی ناساندنی ئەم پەرتووکە دیمانە لەگەڵ ڕادیۆی دەنگی ئامریکا و  ناوەندی نووچە و شرۆڤەی ڕۆژ ئەنجام دراوە. دەنگی دیمانەی وی‌ئۆ‌ئێی و دەقی دیمانەکەی ئێن‌ئێن‌ئێس‌ڕۆژ  لە ژێرەوە داندراوە.
 
 

.

.

NNSROJ: لە دوا کاتژمێرەکانی سی‌وچوارەمین ساڵوەگەڕی کۆمەڵکوژیی قاڕنێدا، کتێبێکی بەڵگەمەند لەسەر کارەساتەکە بە چاپ گەیشتووە کە وەک نووسەرەکەشی دەڵێ “بە پاڵپشتیی بەڵگەی حاشاهەڵنەگر و سەرچاوەگەلی ناکوردی و مێژووی زارەکی” تۆکمە کراوە.

نووسەری کتێبەکە سۆران کەرباسیان، لە لێدوانێکدا بۆ ناوەندی نووچە  وشرۆڤەی رۆژ، وێڕای پشتڕاست کردنەوەی هەواڵی چاپ بوونی کتێبەکە، ئاماژەی بەوە دا کە ئەو لێکۆڵینەوەیە، “زۆر لایەنی شاراوە و چەواشەکراوی رووداوەکە ئاشکرا دەکا.”

بە گوتەی کەرباسیان، کتێبەکە [68، لە کاردانەوەی شۆڕشی ”ایران”دا]، کە بە کۆمەڵێک بەڵگە و دۆکومێنتی ئەو سەردەمە تۆکمە کراوە، “ئامانج و هۆکاری راستەقینەی بکەرانی کوشتارەکە روونتر دەکاتەوە.”

ئەو لێکۆڵینەوەیە سەرەتا بە زمانی کوردی ئامادە و دواتر لە لایەن نووسەرەوە بە زمانی نۆڕوێژی داڕێژراوەتەوە و ئەمڕۆ، لە سی‌وچوارەمین ساڵوەگەڕی ئەو کارەساتەدا، لەژێر چاپ هاتۆتە دەرێ.


ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
کورتەیەک لەسەر بیرۆکەی نووسینی کتێبەکە، لە زمان نووسەرەوە:

ـ مەبەستی ئێوە لە نووسینی کتێبی «68، لە کاردانەوەی شۆڕشی ”ایران”دا» بە زمانی نۆروێژی چی بووە؟

سۆران کەرباسیان: پێشتر ئەم پڕۆژەیەم بە زمانی کوردی گەڵاڵە کردبوو. هۆکارگەلێک هانیان دام تا کتێبەکە بۆ یەکەمجار بە زمانی نۆروێژی بڵاو بکەمەوە کە گرنگترینیان بریتین لە:

  • ١. لە کاتی نووسین بە زمانی کوردیدا، خۆم لە زۆر ڕوونکردنەوە لا دابوو کە بۆ خوێنەری کوردستانی و ”ایران”ی پێویست نەبوو. لە دواییدا بیرم لەوە کردەوە کە ئەگەر ئەم پەرتووکە وەربگێڕدرێتە سەر زمانەکانی ڕۆژئاوایی، سەرئێشەیەکی زۆر بۆ وەرگێڕ و خوێنەرەکانی ساز دەکا. هەر بۆیە وام بە باش زانی باسەکان بە شێوەیەک دابڕێژرێن کە خوێنەر لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانە بێ و بە هەر زمانێک بیخوێنێتەوە، بە ساکاریی لێی تێبگا.
  • ٢. بۆ چاپی کوردیی پەرتووکەکە ترسی ئەوەم لێ نیشتبوو کە لە کاتی بە چاپ گەیاندنیدا، ئاڵوگۆڕی بە سەردا بێ، کە مەخابن ئەم خەسارە پێشتر لە لایەن چاپەمەنییەکانی باشووری کوردستانەوە ئەنجام دراوە. بۆ ئەوە کە دەستی چاپەمەنییەکان بۆ هەر چەشنە گۆڕانێک لە سەر کتێبەکە ئاوەڵا نەهێڵمەوە، بە باشترم دەزانی کە وەشانە کوردییەکەی وەک وەرگێڕدراوی بەرهەم بڵاو بکرێتەوە کە دەبێ وەک تێکستی ماک بچێ.
  • ٣. کۆماری ”اسلامی ایران” پێشینەی ئەوەی هەیە کە ئەگەر پەرتووکی نووسەرێک وەربگێڕێتە سەر زمانی فارسی، ناوەڕۆکی باسەکەی دەستکاریی دەکا. سانسۆڕی زۆر دەقی گرنگیش دەکەن بۆ ئەوەی لە بەرژەوەندیی خۆیانیدا نابینن. تۆمارکرانی مافەکانی ئەم کتێبە لە وڵاتی نۆروێژ، دەتوانێ لەوە دڵنیام بکاتەوە کە لە ئەگەری هەر چەشنە چەواشەکارییەکدا کە بەرانبەر کتێبەکەم بکرێ، بواری ئەوە هەبێ لە ڕێگەی دەزگای چاپەمەنی نۆروێژییەوە بەدواداچوونی حقووقی بۆ بکرێ.

ـ جیاوازیی نێوان کتێبەکەی ئێوە دەگەڵ هاوچەشنەکانی دیکەی کە لەو بوارەوە نووسراون لە چی دایە؟

سۆران کەرباسیان: پێشتر کتێبێک وەک لێکۆڵینەوە لە سەر کوشتاری بە کۆمەڵی خەڵکی سیڤیلی گوندی «قاڕنێ» بڵاو نەکراوەتەوە. ئەو پەرتووکانەی کە سەبارەت بە مێژووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شۆڕشی ١٩٧٩ی زایینی ”ایران”دا نووسراون، زۆربەیان دۆکیومێنتاری نین. هاوکات بەشێکی بەرچاویان لە لایەن سیاسەتوانانی ئەو بەشەی نیشتمان نووسراونەتەوە کە زۆرینەی تەوەرەکان بۆ باسی شەخسی و حیزبی تەرخان کراون. ئەگەر سەیرێکی ئەو جۆرە پەرتووکانە بفەرموون، دەبینرێ کە باسی «قاڕنێ» تەنێ لە چەند لاپەڕەیەکدا ئاماژەی پێ کراوە. لە لایەکی دیکەوە من وەک تێڕوانینی شەخسی سەیری شۆڕشی ١٩٧٩ی ”ایران” ناکەم و بە پێی ئەو بەڵگانەی کە لە بەر دەستمدا هەبوون، هەوڵم داوە تا مێژووی ئەو سەردەمە، بەو جۆرەی کە هەبووە بخەمە بەر چاوی خوێنەر، نەک بەو جۆرەی کە پێشتر بە شێوەیەکی نادۆکیومێنتاری کراوە. بۆ ڕوونکردنەوەی ڕاستییەکانی کۆمەڵکوژیی قاڕنێش بۆ نموونە بە پێویست زانراوە کە پێداچوونەوەیەکی شەڕی نەغەدەش بکرێ. ئەو هەوڵانەی کە بۆ بەڵاڕێدابردنی مێژووی کوشتاری قاڕنێ ئەنجام دراون، خراونەتە بەر لێ‌وردبوونەوە و بە پاڵپشتیی بەڵگەی حاشاهەڵنەگر، سەرچاوەگەلی ناکوردی و مێژووی زارەکی (لە ئەگەری بوونی بەڵگە بۆ پشتڕاستکردنەوەی) وڵام دراونەتەوە.

 

ـ لە کارەساتی «قاڕنێ»دا چی روویدا؟

سۆران کەرباسیان: کاتژمێر یەکی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی ٢ی سێپتامبری ساڵی ١٩٧٩ی زایینی، پاسدارەکانی حکومەتی کۆماری ”اسلامی ایران” گەمارۆی گوندی قاڕنێیان دا. هەر لە دەرەوەی ئەم گوندە ڕا هەر کەسیان وە بەر دەستی کەوتبوو، لە پیر و جحێڵ و ژن و منداڵ، وەبەر گوللەی تفەنگەکانیان دابوو. پاسدارانی حکومەت جیا لەوە کە پڕ چەک بوون، بە تانک و ئۆتۆمبیلی ئەرتەشیشەوە تەیار کرابوون. ئەوان نزیکەی ٣ کاتژمێر لەم گوندەدا بە شێوەیەکی زۆر دڕەندانە وەگیانی هەرچی مرۆڤ و گیانلەبەرە کەوتن و تا لە دەورووبەری کاتژمێر ٤ی ئێوارێ، پاش ئەوە کە منداڵ و گەورەی گوندیان کوشت و کوت کوتیان کرد، گوندەکەیان چۆل کرد و بەرەو بنکە سەربازییەکانی خۆیان گەڕانەوە.

ئەو کەسانەی بیانەوێ ئەم کتێبە بکڕن، دەتوانن سەردانی بەستەری راستەوخۆی بڵاوکەرەوەی «کولوفون» بکەن بەم ناونیشانە:

http://kolofon.no/index.aspx?pid=2821&docid=71

وەڵامێک بنووسە

Please log in using one of these methods to post your comment:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out /  گۆڕین )

Google photo

You are commenting using your Google account. Log Out /  گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out /  گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out /  گۆڕین )

Connecting to %s