دووی ڕێبەندانی ساڵی ٢٠١٤ی زایینیی مژارێکم لەمەڕ بڵاوکردنەوەی
زانیاری ناڕاست و بێبەڵگە بڵاو کردەوە. لەو بابەتدا دوو پرس خسترانە بەر شرۆڤە
و بۆ ڕوونکردنەوەی ڕاستییەکان لە فاکت، بەڵگە و شایەتی پێوەندیدار بە باس کەڵک وەرگیرا. لەم بابەتەدا جگە لەوە کە شایەتێکی دیکە بۆ پشتڕاستکردنەوەی نووسینی پێشوو زیاد دەکرێت، لە بەڵگەیەکی حکومەتیش کەڵک وەردەگیردرێت. گرنگی ئەو بەڵگەیە لەوە دایە کە بۆ یەکەمجار بڵاو دەبێتەوە و سەرچاوەکەشی بە تەواویی جێمتمانەیە.
تێبینی: ئەو کەسانەی کە مژاری «درۆ و بوختان»یان نەخوێندووەتەوە، دەتوانن سەردانی ئەم بەستەرە بکەن.
مژاری «درۆ و بوختان» لەسەر دوو نموونە لە نێوان لاپەڕە چەواشەکراوەکانی مێژووی بنەماڵەی پێشەوا گەڵاڵە کرابوو. یەکیان پرسی دەستماچکردنی شا لە لایەن کوڕی رەشەوە و ئەوی دیکەشیان وەرگرتنی پووڵ لە حکومەتی پاشایەتی ئێران لە لایەن هاوسەری پێشەوای کوردستان لەژێر ناوی مووچە بوو.
تەنیا شایەتی جێمتمانەی کەریمی حیسامی وەک بڵاوکەری باسی دەستماچکردنی شای ئێران لە لایەن کوڕی ڕەشەوە، خانمەخانمی قازی بوو. بەختەوەرانە بەر لەوە کە خانمەخانمی قازی کۆچی دوایی خۆی لەگەڵ کورد و کوردستان بکات، پێوەندیم بەم مرۆڤە هێژایەوە گرت. خانمەخانمی سەدری قازی مێژووی تۆمارکراو لە لایەن کەریمی حیسامییەوە بە تەواویی بە ناڕاست زانی و تەنانەت ئەمەشی گوت کە بە پێچەوانەی ئەو حەقایەتانەی کە کەریمی حیسامی دەسەر یەکی کردبوونەوە، کەریمی حیسامی هیچکات دە ماڵی ئەودا ژیانی نەکردبوو. وەک پێشتریش گوتراوە، دەنگی تۆمارکراوی خانمەخانم لەبەردەستدا هەیە.
پاش ئەوە کە مژاری «درۆ و بوختان» بڵاو کراوە، نامەیەکی زۆر بۆ نووسەری ئەم بابەتە هات. چەندان کەسایەتی مەهابادی، حیزبی و ناحیزبی لەسەر بڵاوکردنەوەی ڕاستییەکان و لەقاودانی چەواشەکارییەکان دەستخۆشییان کرد و کۆمەڵێک زانیاری و بیرەوەری خۆیان نارد. یەک لە نامەکان سەرنجی زۆرتر ڕاکێشام و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕاوە کە کەسێکی زۆر نزیک لە بنەماڵەی قازی محەممەد تێکەڵاویی لەگەڵ ئەو دوو پرسە هەبوو کە لە مژاری «درۆ و بوختان»دا ئاوڕیان لێ درابۆوە.
کاک ناسر قازی کوڕی میرزا «عەبدولڕەحمان قازی» و نەوەی «قازی کەریم» لە بەشێک لە نامەکەیدا لەمەڕ پرسی دەستماچکردنی شای ئێران ئاوا لە زمانی باوکییەوە نووسی:
«کاتێک بوختانی ماچکردنی دەستی شا لە لایەن بەڕێز کوڕی رەش بڵاو کرایەوە، من ئەو باسەم بردەوە لای باوکم. باوکم زۆر بە راشکاویی وەڵامی داوە کە بوختانە و هیچکات ئەوە رووی نەداوە و تەنانەت تەلەفۆنی بۆ کاک کەریم [کەریمی حیسامی] کرد و قسەی لەگەڵ کرد، بەڵام تازە کتێبەکە بڵاو ببۆوە و هیچی لەگەڵ نەدەکرا.»[1]
میرزا «عەبدولڕەحمان قازی» کەسایەتییەکی یەکجار نزیک لە بنەماڵەی پێشەوای کوردستان بوو. ئەو زۆرجار لەسەر ئەوە کە دە خزمەت بنەماڵەی پێشەوادا بوو و بە کاروباری پێویستیان ڕادەگەییشت و لە بەهاناچووە دڵسۆزەکانی بنەماڵەی پێشەوا بوو، گیانی لە مەترسی کەوتبوو. ئەو کە بە باشیی ئاگاداری مێژووی ئەو بنەماڵەیە بوو، بەرانبەر بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست هەڵوێستی گرتبوو و کەریمی حیسامی ئاگادار کردبۆوە، بەڵام دەبیندرێت کە کەریمی حیسامی بە پێچەوانەی شێوەی کارکردنی خۆی، سانسۆڕی سیستەماتیکی ئەو ڕوونکردنەوەیەی میرزا «عەبدولڕەحمان قازی»ی کردووە، ئەگینا دەبوا لە پێداچوونەوە و چاپی کتێبەکانی دواییدا ئاماژەی بە ڕوونکردنەوەی میرزا «عەبدولڕەحمان قازی» کردبا.
پرسی دووهەمی مژاری «درۆ و بوختان» پێوەندی بەو بڕە پووڵەوە هەبوو کە لە لایەن هاوسەری یەکجار هێژای پێشەوای کوردستان لە حکومەتی ئێران وەرگیرابۆوە. وەک پێشتر گوترا، چەند قازیناوێک مێژووی ڕاستەقینەی ڕووداوەکەیان بە جۆرێک چەواشە کردووە کە گوایە یای مینا قازی (هاوسەری قازی محەممەد) پووڵی وەک مووچەی مانگانە لە حکومەتی پاشایەتی ئێران و بکوژی پێشەوا وەرگرتبوو! جیا لەو ڕوونکردنەوە، فاکت و شایەتەی کە پێشتر لەسەر لەقاودانی ئەو بوختانە لە لایەن نووسەری ئەم مژارەوە بڵاو کرابۆوە، شایەتێکی دیکە و بەڵگەیەکی حکومەتی بەم بابەتە زیاد دەکرێت کە جێمتمانەبوونی زانیارییەکانی مژاری «درۆ و بوختان» پشتڕاست دەکەنەوە.
یای مینا قازی جیا لەوە کە کەسایەتییەکی سیاسیی سەردەمی کۆماری کوردستان و هاوسەری پێشەوای کوردستان بوو، ڕووسووریی ئەو لە دوای نەمانی سەرۆککۆماری کوردستان و پاراستنی کەرامەتی ئەو بنەماڵەیە لە لایەن ئەوەوە، زۆرتری لەبەرچاوی جەماوەری کوردستان خۆشەویست و هێژا کردبوو. هەرچەند کە زۆر کورد لەو زەمەندا ئامادە بوون بە گیان و ماڵەوە خزمەتی بکەن و بە کارەکانی ڕابگەن، بەڵام بەهۆی بوونی خزمی نزیک و دڵسۆزەوە هیچ پێویستییەکی بەوە نەبوو کە لە ئەگەری پێداویستییەکدا پووڵ لە شوێنێک/کەسێک وەربگرێت. حاجی عەبدوڵڵای قازی دە بەشێک لە بیرەوەرییەکانیدا ئاماژە بەم دۆخانە دەکات کە یای مینا قازی پێویستی بە هاوکاری هەبوو و نووسیوییەتی:
«لە بیرمە جارێکی مینا خانم خیزانی پێشەوای هات و بە بابم گوت کە کەسێکی بۆ بنیرێ کە ئەو حاسڵاتەیان بۆ کۆ کاتەوە. بابم بانگی منی کرد و گوتی بچۆ ئاوایی ئاغەڵیان و لەوێ دەودووی ئەو زەمینانەی ماڵە پێشەوای کۆ کەوە و دەچاڵیان کە. بابم ڕێنوێنی کردم کە بە کوێ دا بڕۆم و شەو لە کوێ بمێنمەوە.»[2]
وەک زۆربەی مەهابادییەکانی جیلی پێشووش پشتڕاستی دەکەنەوە، هەر ئەوەندە بەس بوو کە یای یایان، هاوسەری پێشەوای کوردستان و «سەرۆکی حیزبی دێمۆکراتی ژنانی کوردستان»[3] داواکارییەکی هەبێت بۆئەوەی خزم و جەماوەر بە هانایەوە چووبان. هەربۆیە هیچ حەوجەی بەوە نەدەکرد کە بە هەبوونی ئەم هەمووە مرۆڤە دڵسۆزە و بوونی سامانی زۆر، مووچەی لە حکومەتی ئێران وەرگرتبا! چەواشەکەرانی ئەو بەشە لە مێژوو ئەمەندە بە قینەوە دەستیان بۆ خەوشەدارکردنی وێنەی پێشەوا و بنەماڵەکەی بردووە کە تەنانەت بیریان لە نالۆژیکبوونی بوختانەکەشیان نەکردووەتەوە.
شایەتی دیکەی هۆکاری وەرگرتنی ئەو پووڵە میرزا «عەبدولڕەحمان قازی»یە. ئەو کەسێک بووە کە لە نزیکەوە ئاگاداری ئەو پووڵە بوو کە لە لایەن حکومەتەوە بە چەند بنەماڵەیەکی قازی درابوو. زانینی بیرەوەرییەکانی ئەو یارمەتییەکی زۆر بە پشتڕاستکردنەوەی ئەو ساختەکارییە دەکات کە ساڵێک بەر لە ئێستا لەقاو درا. کاک ناسر قازی کوڕی میرزا «عەبدولڕەحمان قازی» لەم بارەوە گوتی:
« باوکم دەیگێڕاوە و لە بیرەوەرێکانیشیدا نوسیوێتی کاتێک پێشەوا شەهید دەکرێ، دوای ماوەیەک بنەماڵەی شەهید پێشەوا و شەهید سەدر دەنێرن لە دوای باوکم و داوا دەکەن بچێتە لای سەرهەنگێک کە پارێزەری زۆرەملی (وکیل اجباری) شەهیدەکان بووە و بیست هەزار تمەنی لەوان وەرگرتووە تا بیانپارێزێ لە کوشتن، بەڵام سەرکەوتو نەبووە، ئێستا پارەکەیان بداتەوە. سەرهەنگ دەڵێ مەگەر لە گیانی خۆت تێر بوی هاتویە لای من و داوای ئەو بڕە پارەیە دەکەیەوە؟ ئێستا دەڵێم بێن بتگرن و دەڵێم ئەوە کە خزمی کوژراوەکانە هاتووە بە تۆڵەی وان سەرهەنگێکی دەوڵەت بکوژێ. باوکم بە ناهۆمێدی دێتە دەر، دوایی نامەیەک دەنوسن بۆ وەزاڕەتی داد لە تاران. پاش بێنە و بەرەیەکی زۆر بە هەوڵی خانمەخانم و باوکم، سەرهەنگ ئەو پارەیان بۆ دەکا بە قیست و بە چەند مانگ بۆیان دەنێرێتەوە. تەنانەت لە سەر نووسینی ئەو نامە کە بە خەتی باوکم بووە، بڕێکیش باوکم ئازار دەدەن، بە هۆی ئەوەیکە باوکم زۆر زۆر لە بنەماڵەی پێشەوا و بە تایبەت کوڕی رەش و خانمە خانم نزیک بوو و هیچ روداوێک نەبو ئاگاداری نەبێ. سەرەڕای ئەوەش پیاوێکی زۆر راستگۆ و روک بوو و گەر بنەماڵەی پێشەوا پارەیان لە دەوڵەت وەرگرتبا لانی کەم جارێک باسی دەکرد.»[4]
لێرەدا بە ڕوونی دەردەکەوێت کە تەنیا پارە لە بنەماڵەی پێشەوا وەرنەگیراوە. ئەم بڕە پووڵەش جیا لەو بەشە موڵک و سامانە بووە کە حکومەتی پاشایەتیی دەستی بەسەردا گرتبوو. زانیارییەکان پشتڕاستکەرەوەی هەمان زانیارین کە لە دیمانەی لەگەڵ یەک لە کچانی پێشەوای کوردستان دە بابەتی «درۆ و بوختان»دا بڵاو کراوە.
لە ڕاستیدا هیچ بە پێویست نەدەزاندرا لەسەر پرسێک فرەوێژی بکرێت کە بە بەڵگەوە ساختەبوونیم سەلماندووە. هەر لەبەر ئەوەش بوو کە چەندان مانگ بەسەر نامەکەی کاک ناسری قازیدا تێپەڕی و بڵاوم نەکردەوە. بەڵگەمەندبوونی بابەتی «درۆ و بوختان» و بێدەنگیهەڵبژاردنی ئەو چەواشەکارانەی کە لە ژیاندا ماون، هاندەرم بوون کە چیتر لەسەر ئەم پرسە نەنووسم، بەڵام لەم دواییانەدا بەڵگەیەکی بڵاونەکراو بە دەستم گەییشت کە بێدەنگبوون لە ئاستیدا و بڵاونەکردنەوەی نادروستە.
ئەم بەڵگەیەی کە لە ژێرەوە داندراوە، لە لایەن یای هێژام شادرەوان خانمەخانمی قازییەوە پێشکەش بە نووسەری کورد کاک فەرەیدوون حەکیمزادە کراوە. ماکی نامەکە لای کاک فەرەیدوون حەکیمزادە ڕادەگیردرێت.[5] نامەکە لە لایەن حکومەتی پاشایەتی ئێرانەوە ناردراوە و تێیدا ئاماژە بە ناوی بەرپرسە جۆراوجۆرەکان و ئیدارە جیاوازەکان کراوە.
دەقی بەڵگەکە:
وەزارەتی جەنگ دایرە: زانیاریی
لەشکری ٤ ژمارە…………
تیپی مهاباد رێکەوت……….
ژێنەڕاڵ سەرۆکایەتیی لەشکری ٤ ورمێ
((راپۆرت))
بە سوپاسەوە فەرمانی ژمارە ١٨٢١٦- ٢٣/٦/٢٧ ئاراستە دەکرێت.
کۆپیی سکاڵای یای مینای قازی و بە سەرنجدان بە ژمارەی ١٥٦١٤/رکن/٤ – ١٧/٥/٢٧، هەتا بە ئێستا بڕی – /٧٢٦٥٥ قڕان باقیی قەرزی یای مینای قازی نەنێردراوە و سەبارەت بەمە ناوبراو بەردەوام سەردانی تیپ دەکات. تکایە بڕیار بدەن کە دارایی لەشکر بۆ ناردنی بڕی دیاریکراو دەستوبرد بکات…
فەرماندەی تیپی مهاباد- سەرتیپ مەنوچێهری
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
کۆپیی ناوەرۆکی سەرەوە وەڵامی سکاڵای رێکەوتی ٧/٧/٢٧ بۆ ئاگاداریی یای مینای قازی دەنێردرێت. هەروەها بڕیارە بڕی ٩٧٠٠ قڕان کە لە لایەن چاودێری ناوچەکە بە میراتگرانی کۆچکردوو سەیفی قازی دراوە لەو بڕە پارەیەیە کە بە ناوی تێچووی پارێزەر وەرگیراوە و ئیتر میراتگرانی ناوبراو هیچ بەشێکیان نەماوە و پێویستە لەگەڵ بڕە پارەی ئاماژەپێکراو بۆ ئێوە بگەڕێندرێتەوە. قەرزەکەی ئێوە دەکاتە ٧٢٦٥٥ قڕان کە پێویستە ناوەند حەواڵەی بکات و پاش ئەوەی حەواڵەکە گەییشت بڕە پارەکە دەدرێت.
بریکاری بەرپرسی ناوەندی تیپی مهاباد- سەرگورد فروتن
١٠٤٠٢- ٢٤/٧/٢٧
کۆپیی ناوەرۆکی سەرەوە بۆ ئاگاداریی یای گەوهەرتاجی سەدری قازی دەنێردرێت. دیاریی کراوە کە بڕی ٩٧٠٠ قڕانی وەرگیراو لە چاودێریی کە پەیوەندیدارە بە تێچووی پارێزەر و ئیتر لەمەوبەدوا ئێوە هیچ قەرزێکتان لە لا نییە کە بیدەنەوە بە یای مینا قازی…
بریکاری بەرپرسی ناوەندی تیپی مهاباد- سەرگورد فروتن
[وەرگێڕان لە فارسییەوە: ئیسماعیل ئیسماعیلزادە]
ئەم بەڵگە حکومەتییە ئەو ڕاستییە دەخاتە ڕوو کە پارەیەک لە هاوسەری پێشەوای کوردستان وەرگیرابوو. بیرەوەری میرزا «عەبدولڕەحمان قازی»ش[6] لەگەڵ لێدوانی کچی پێشەوای کوردستان[7] پشتڕاستکەرەوەی زانیارییەکانی ئەم بەڵگەیەن. خاڵی هەرە سەرنجڕاکێش لەم بەڵگەیەدا ئەوەیە کە پارە لە سێ بنەماڵەی هومامی قازی، سەدری قازی و سەیفی قازی وەرگیرابوو و پارەیهەرسێک بنەماڵەش بە چکەچکە گەڕاندرابۆوە. پرسیار ئەمەیە کە چما نووسەر (قادر فەتاح قازی) و وەرگێڕ (حەسەنی قازی)ی پەرتووکی «کورتە مێژووی بنەماڵەی قازی لە ویلایەتی موکری» ناوی دوو بنەماڵەی سەدری قازی و سەیفی قازییان لەمەڕ پرسی وەرگرتنی پووڵ لە حکومەتی ئێرانسانسۆڕ کردووە؟ و ئەمە کە بە چ مەبەستێک مێژووی ڕاستەقینەی ئەو بڕە پووڵەیان شێواندووە و بە ناوی مووچەی مانگانە تۆماریان کردووە بۆ خوێنەر جێدەهێڵم.
سۆران کەرباسیان
دووی ڕێبەندانی ٢٠١٥ی زایینیی
سەرچاوە و ژێدەر:
____________________________________________________________
[1] نامەی ناسر قازی بۆ سۆران کەرباسیان، ١٢ی ٢ی ٢٠١٤ی زایینیی
[2] وڵاتی من، بیرەوەرییەکانی حاجی عەبدوڵای قازی، ئامادە کردنی قاسمی قازی، سوید ٢٠٠٥ زایینی، ئایئێسبیئێن 9-6799-631-91، لاپەڕەی ١٠٨
[3] بڕوانە ڕۆژنامەی کوردستان، بڵاوکەرەوەی بیری حزبی دێمۆکراتی کوردستان، ساڵی یەکەم، چاپی مەهاباد، ژمارە ٢٥، بەرواری ١٧ی مارسی ١٩٤٦ی زایینی، لاپەڕەی ژمارە سێ
[4] نامەی ناسر قازی بۆ سۆران کەرباسیان، ١٢ی ٢ی ٢٠١٤ی زایینیی
[5] ئەم بەڵگەیە بە سپاسەوە لە ڕێکەوتی ١٧ی ١١ی ٢٠١٤ی زایینیدا لە لایەن فەرەیدوون حەکیمزادە پێشکەش بە سۆران کەرباسیان کرا.
[6] نامەی ناسر قازی بۆ سۆران کەرباسیان، ١٢ی ٢ی ٢٠١٤ی زایینیی
[7] سۆران کەرباسیان، بڵاوکردنەوەی درۆ و بوختان لە ژێر ناوی خزمەت، گۆڤاری ئەلێکترۆنی «وڵات»، ژمارەی یەکەم
لەم بەستەرەی ژێرەوەدا خەزنکراوە: